داود خرمی
- نام و نام خانوادگی : داوود خرمی
- اسم مستعار:ندارد
- محل تولد: مهاباد
- تاریخ تولد: 1335
- تاریخ جان‌باختن: 1360
- محل و نحوه جان‌باختن: مهاباد – به آتش کشیدن خود در سلول انفرادی بعد از ماه ها شکنجه و مقاومت قهرمانانه
بزوتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه لە ڕوژهەڵاتی كوردستان له ماوه‌ی ٤٣ سالی ڕابردودا گه‌لێك كه‌سایه‌تی هه‌ڵكه‌وتووی له داوێنی خۆیدا په‌روه‌رده كردوه كه ژیان و خه‌باتی هه‌ر كامه‌یان داستانێكە پڕ له سه‌روه‌ری و پڕ له ئه‌زمون، كه بێگومان بیرخستنه‌وەیان و تۆمار كردنیان گه‌نجینه‌ی ژیانی مرۆڤایه‌تی ده‌وڵه‌مه‌ندتر ده‌كه‌ن. قارەمانانێک كه ئه‌گه‌رچی له كاتی خۆیدا مه‌جال بۆ ناساندنیان نه‌رەخسابێت، خۆشەویستی یان له ناو دڵی جه‌ماوه‌ردا هێلانه‌ی كردۆه و مێژوو داوه‌رێكی ئه‌مه‌گ ناسه و فه‌رامۆشیان ناكات.
داود خورره‌می ئه‌و لاوه چاوگه‌ش و روح سوكه‌ی شاری مه‌هاباد كه له ماوه‌ی کورتی ته‌مه‌نی دا ئه‌زمونێکی باڵای له خه‌بات و خۆڕاگری و وه‌فاداری له خۆی به‌جێ هێشت، ئه‌ستێره‌یه‌كی گه‌ش بوو، خوشایه‌وه به ئاسماندا ، رۆشنایی به‌خشی و كوژایه‌وه. ئه‌و بەڵێنی دابوو كه نه‌ك هه‌ر به ژیانی به‌لكوو به مه‌رگیشی دوژمن بته‌زێنێ. داود ئه‌و بەڵێنەی خوی بردە سەر.
داود خورره‌می ساڵی ١٣٣٥ی هه‌تاوی له شاری مه‌هاباد له دایك بوو. ئه‌گه‌رچی ژیانی سیاسی داود له ساڵی ١٣٥٤ی هه‌تاوی یه‌وه ده‌ست پێده‌كات، به‌ڵام كۆمه‌ڵێك تایبه‌تمه‌ندی له ژیانی دا هه‌یه كه ڕیشه‌یان دەگەڕێتەوە بۆ سه‌رده‌می منداڵی و مێرمنداڵی ئه‌و. ژیانی منداڵی داود كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر كه‌سایتی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی دواجاری ئه‌و دانا. مێرمنداڵێكه به ده‌ربه‌ست به‌رانبه‌ر به گیروگرفتی دایك و باوك و خوشك و براكانیه‌وه، ڕوح سوك و كار ڕاپه‌ڕێن، كونجكاو و تیژبین، خۆنه‌ویست و خۆنه‌گر. كاتی به فیڕۆ نه‌ده‌دا، ده‌رس خوێن و خولیای خوێندنه‌وه و شوێنكه‌وتوی هه‌ر دیارده‌یه‌كی نوێ و پێشكه‌وتوو. پاره‌یه‌كی ده‌ست كه‌وتبا كتێبی پێده‌كرێ، یان ته‌نانه‌ت كتێبی به‌كرێ ده‌گرت كه ئه‌وكات له مه‌هاباد ئه‌وه‌ش باو بوو. خۆشه‌ویستی بنه‌ماڵه بوو و خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك دۆست و براده‌ری هه‌ڵكه‌وتوو كه هه‌ركامه‌یان ساڵانی دواتر ده‌بن به هاوڕێی سیاسی و هاوسه‌نگه‌ری.
یه‌كێك له ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌كه‌ی له‌وباره‌وه ده‌لێ:
“سه‌رده‌می مناڵی و نه‌وجەوانی كاكه داود سه‌رده‌می ده‌سكورتی بنه‌ماڵه‌كه‌مان بوو. هه‌م ده‌رسی ده‌خوێند و هه‌م یارمه‌تی باوكمانی ده‌دا لە دوکانەکەیدا. زۆربه‌ی كاته‌كان سه‌رحال و نه‌سره‌وتوو بوو. زۆر حه‌ساس بوو، به‌رانبه‌ر به هیچ مه‌سه‌له‌یه‌ك بێ ته‌فاوه‌ت نه‌بوو. هه‌ستت ده‌كرد كه‌سایه‌تی ئه‌و خێراتر له ڕه‌وتی ئاسایی ته‌مه‌نی گه‌شه ده‌كات.”
داود دیپلۆمه‌كه‌ی له ده‌بیرستانی “په‌هله‌وی” شاری مه‌هاباد وه‌رگرت. ئه‌و ده‌بیرستانه‌ی كه خه‌ڵكی شاری مه‌هاباد بۆ ئه‌وه‌ی ناوی “په‌هله‌وی” نه‌بەن ناویان نابوو “ده‌بیرستانی دوو ته‌به‌قه”، چونكه له دوو نهۆم پێك هاتبوو! سه‌رده‌می مێرمنداڵی هاوڕێ داود، هاوكاته له گه‌ڵ ده‌وره‌یه‌ك كه نیزامی فیئودالی له ئیران دوایین هه‌ناسه‌كانی خۆی ده‌كێشاو پێوه‌ندی یه‌كانی سه‌رمایه‌داری جێگه‌ی ده‌گرته‌وه. شاری مه‌هاباد وه‌كوو گه‌لێك له شاره‌كانی دیكه‌ی كوردستان ببوو به مه‌یدانی خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری. گوندنشینەکان بە کۆمەڵ ڕێک دەخران و ڕەوانەی شارەکان دەکران تا بۆ پشتیوانی کردن له ڕیفورمه‌كانی شا و لە دژی ئاغاوات و ده‌رەبه‌گه‌كان خۆپیشاندان بکەن.
ڕیفورمه‌كانی ده‌یه‌ی٤٠ ی هەتاوی له ئێران گۆڕانكاریگه‌لێكی گرینگی له رووی ئابوری و کومه‌ڵاتی یه وه به دوای خۆیدا هینا. سیمای شاری مه‌هابادی گۆڕی. چینی مام ناوه‌ند له شار و له دێ گه‌شه‌یه‌كی به‌رچاویان كرد. بنه‌ماڵەی كاك داودیش له شار ئاهێكیان هاته‌وه به‌ر و ژیانی ئابوریان تا راده‌یه‌ك باشتر بوو. به‌ڵام یاسای دابه‌ش كردنی زه‌وی له نێوان جوتیاراندا به شێوه‌یه‌ك داڕ‌ێژرابوو كه ملیونها کەس له دانیشتوانی دێهات كه خۆش نشین بوون و زەوی وزارێکیان نەبوو، له ئیسلاحاتی شا هیچ به‌هره‌یه‌كیان نه‌ده‌برد. به‌شی زۆری ئه‌وانه ڕوویان كردبووه شاره‌كان و هه‌ڵوه‌دای په‌یداكردنی كار، ماڵ به‌كۆڵ، ئه‌و شار و ئه‌م شار ده‌گه‌ڕان و له ده‌وروبه‌ری شاره گه‌وره‌كان نیشته‌جی ده‌بوون. له‌و ده‌وره‌یه دایه كه گه‌ره‌كه‌كانی قه‌راخ شار گه‌وره ده‌بنه‌وه و مه‌جبورائاوا و جه‌ورئاوا و كۆپین ئاواكان دروست ده‌بن. هه‌ژاری له پاڵ سه‌روه‌ت په‌ره ده‌ستێنێ. جیاوازی چینایه‌تی بێ به‌زەیی یانه‌تر خۆی ده‌نوێنێ. له‌و بارودۆخه‌دا گه‌لێك پرسیاری نوێ لای داود دروست ده‌بێ. په‌نا بۆ كتێب ده‌بات بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ڵامیان بۆ بدۆزێته‌وه.
یه‌ك له‌و ڕوداوانه‌ی كه كاریگه‌ری زۆری له سه‌ر هاوڕێ داود هه‌بوو، جه‌ریانی سه‌رهه‌ڵدان و شكستی بزوتنه‌وه‌ی چه‌كدارانه‌ی ساڵانی ١٣٤٦ و ١٣٤٧ بوو. له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه ئه‌و كات نه‌وجه‌وانێكی كه‌م ته‌مه‌ن ١١-١٢ ساڵان بوو، به‌ڵام ئه‌و ڕوداوه و به تایبه‌ت نومایش كردنی ته‌رمی شێوێندراوی ڕێبه‌رانی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه به ناو شاری مه‌هابادا، بۆ چاوترسێن كردنی خه‌ڵك ، گه‌لێك پرسیاری هه‌ژێنه‌ری بۆ داودی مێرمنداڵ خولقاند. ئه‌و جۆره‌ی كه هه‌ڤاڵانی نزیكی ئه‌و كاتی باسی ده‌كه‌ن، هه‌ر له‌م سه‌رده‌مه‌دا تۆوی خه‌بات له ناو ده‌رونی دا چه‌كه‌ری به‌ست. به جۆرێك كه له ماوه‌یه‌كی كه‌م دا داودی نه‌وجه‌وان ده‌كه‌وێته پێش ته‌مه‌نی و هه‌ستێكی سه‌ركه‌ش له ده‌رونیه‌وه دێته جۆش و به‌ره‌و ژیانی خه‌باتكارانه‌ی ده‌بات.
له وه‌ها سه‌رده‌مێك دایه كه له پائیزی ساڵی ١٣٤٨ ڕێكخراوێكی چه‌پ و شۆڕشگێڕ كه دواجار ناوی كۆمه‌ڵه‌ی له سه‌ر داندرا، بە نهێنی داده‌مه‌زرێت. هه‌ر له‌و ساڵانه‌دایه كه هاوڕێ حه‌مه‌حوسێنی كه‌ریمی له دامه‌زرێنه‌رانی كۆمه‌ڵه، شاری مه‌هاباد ده‌كات به مكۆی تێكۆشانی خۆی و له فێرگه‌ی كه‌شاوه‌رزی مه‌هاباد له ناوچه‌ی شامات له نزیك شاری میاندواو داده‌مه‌زرێ. هاوكات بۆ به‌ڕیوه‌بردنی ئه‌ركه‌كانی، ماڵێكی نهێنی له گه‌ره‌کی ئه‌رمه‌نیانی شاری مه‌هاباد به كرێ ده‌گرێت. ئه‌وه هه‌ر ئه‌وماڵه‌یه كه بۆ یه‌كه‌م جار تێیدا داود ده‌بێته میوانی كاك حه‌مه حوسێن.
كاك حه‌مه‌حوسێن له شاری مه‌هاباد و له محاڵی شامات و شاروێران ده‌ست ده‌كات به چالاكی ته‌شكیلاتی و له ماوه‌ی كه‌متر له ساڵێك دۆستان و هاوڕێیانێكی زۆر له‌و ناوچانه په‌یدا ده‌كات. له شاری مه‌هاباد له گه‌ل چه‌ند کۆڕی كرێكاری و دوو مه‌حفل له خوێندكارانی ده‌بیرستان پێوه‌ندی داده‌مه‌زرێنێت. له گه‌ڵ داود له دوكانی خه‌یاتی هاوڕێ جه‌عفه‌ری مورادی ناسراو به جه‌عفه‌ری خه‌یات ئاشنا ده‌بێت. دوای چه‌ندجار بینین گه‌لێك تایبه‌تمه‌ندی باشی تێدا به‌دی ده‌كات. ده‌عوه‌تی ده‌كات بۆ ماڵه نهێنیه‌كه‌ی خۆی. پێوه‌ندی ته‌شكیلاتی له‌گه‌ڵ داده‌مه‌زرێنێت، ده‌ست نوسراوه و شێعری سیاسی پێده‌دات و بۆ موتاله‌عه كردن و كتێب خوێندنه‌وه ڕێنوێنی ده‌كات. ئه‌وه‌شمان له بیرنه‌چێ كه جه‌عفه‌ری مورادی (خه‌یات) ، لاوێكی شۆڕشگیڕی شاری مه‌هاباد بوو كه خۆی و ماڵ و دوكانی خه‌یاتیه‌كه‌ی، ده‌ورێكی گرینگ‌یان له دامه‌زراندنی پێوه‌ندی له نێوان شۆڕشگێڕانی چه‌پی ئه‌و سه‌رده‌م وبە تایبه‌ت كۆمه‌ڵه له شاری مه‌هاباد هه‌بوو. هاوڕێ جه‌عفه‌ر خۆشی ئه‌ندامی یه‌كێك له شانه‌كانی كۆمه‌ڵه له شاری مه‌هاباد بوو كه له ڕێگه‌ی كاك حه‌مه‌حوسێنه‌وه ڕێكخرابوو.
كاك حه‌مه حوسێن له ڕاپورتی چالاكیه‌كانی خۆی له شاری مه‌هاباد بۆ هاوڕێیانی كۆمه‌ڵه باسی كۆڕێك له لاوانی خوێندكاری ده‌بیرستان ده‌كات و ده‌ڵێ، من نوسراوه‌م پێدابوون بیخوێننه‌وه، به‌ڵام ئه‌وان ته‌نیا به خوێندنه‌وه‌ی نه‌وه‌ستابوون و پێش ئه‌وه‌ی من فریا کەوم پێوه‌ندیه‌كه‌م له گه‌ڵ ئەوان هه‌نگاوێك به‌ره‌و پێش به‌رم، خۆیان دەستیان دابوە چاپ و بلاو كردنەوەی نوسراوەکە! داود یه‌ك له‌و كه‌سانه بوو.
هاوڕێ حه‌مه حوسێنی كه‌ریمی تێكۆشه‌رێكی ڕێكخه‌ر بوو. هه‌ر ئه‌وكات هه‌وڵ ده‌دات له‌وكه‌سانه‌ی كه ئاماده‌ییان تێدا به‌دی ده‌كات شانه‌ی ته‌شكیلاتی پێك بێنێ. ئه‌وه‌ی كه ئه‌و كات هاوڕێ داود له كامێك له شانه‌كانی كۆمه‌ڵه له شاری مه‌هاباد دابوو، نه‌زانراوه. به‌ڵام به پێێ ئه‌و ڕاپورتانه‌ی كه هاوڕێ حه‌مه‌حوسێن به “ناوه‌ندی موكریانی كۆمه‌له”ی داوە، لانی كه‌م دوو شانه‌ی ته‌شكیلاتی تایبه‌ت به خۆێندكاران له ژێر چاو‌دێری ئه‌و دابوون كه هاوڕێ داود ئه‌ندامی یه‌ك له‌وانه بوه.
داود دوای ئه‌وه‌ی ده‌زانێ كه له رێگه‌ی كاك حه‌مه‌حوسێنه‌وه پێوه‌ندی به رێكخراوێكی سیاسیه‌وه هە‌یه، بە گوڕوو تینێکی زیاتره‌وه ده‌ست به‌كار ده‌بێت. پێوه‌ندیه‌كانی خۆی له ئاستی شاری مه‌هاباد دا په‌ره پێده‌دات و چه‌ندین هاوڕێ و هاوخه‌بات له كرێكار، خه‌یات، دوكاندار و خوێندكار بۆ خۆی ده‌بینێته‌وه و هاوكات به هاندان و رێنوێنی كاك حه‌مه‌حوسێنی كه‌ریمی، ڕێگا ده‌كاته‌وه بۆ ئاواییه‌كانی وه‌ته‌میش و ده‌رمان و حاجیالیكه‌ند.
كاتی چوون بۆ سه‌ربازی دێت. به بڕیاری هاوڕێیانی هاوخه‌باتی ده‌چێتە سه‌ربازی و له پادگانی جه‌ڵدیان دەبێتە سەرباز. هه‌وڵ ده‌دات له‌ناو پادگان هاوڕێ و هاوبیروباوه‌ڕی خۆی بدۆزێته‌وه و له‌وه‌ش دا سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت.
هاوڕێ داود خورره‌می به‌و پێشینه‌یه له ژیانی خه‌باتكارانه پێ ده‌نێته سه‌رده‌می شۆڕش له دژی ڕژیمی شا. به هۆی گوڕانی هاوسه‌نگی هێز و بارودۆخی ئه‌و سه‌رده‌مه، هێز و توانییه‌كه‌ی، له قه‌فه‌سی به‌ر ته‌سكی خه‌باتی نهێنی ئازاد ده‌بێت. ئه‌وجار ئیتر شور و شه‌وقی داود سنور ناناسێ. له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیه‌كی پلانی هه‌ڵاتن له پادگان و هێنانه‌ده‌ری چه‌ك له گه‌ڵ خۆیان داده‌ڕێژن و داود چه‌كی سازمانی خۆی كه تفه‌نگی “ژ س” بوو تیكه تیكه ده‌كات و به چه‌كه‌وه له پادگان ده‌رباز ده‌بێت و خۆی ده‌گه‌یه‌نێته‌وه شاری مه‌هاباد. بە خێرایی سه‌ر له نوێ تێكه‌ڵاوی كۆڕی خه‌باتكارانی ناوشار ده‌بێت و پلان بۆ ڕێكخستنی خۆپیشاندان داده‌ڕێژن. یه‌كه‌م خۆپیشاندانێك كه كاك داود له ڕێكخستنی دا ده‌ور ده‌بینێ بۆ ئازادی چه‌ند زیندانیه‌كی سیاسی و له‌وانه یه‌كێك له براكانی ده‌كه‌وێته ڕێ. یه‌كێك له ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌كه‌ی ده‌ڵێ: ” شه‌وانه كه ده‌هاته‌وه ماڵێ، كه چاومان له ناوچاوانی ده‌كرد، ده‌مانزانی سبه‌ینێ ته‌زاهورات ده‌بێ”.
چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕاگه‌یاندنه‌كانی كۆمه‌ڵه كه ئه‌وكات لە ژێر ناوی ” هاونیشتمانانی تێكۆشه‌ر” ده‌رده‌چوون ، دروشم نوسین له سه‌ر دیوار‌و ڕێكخستنی لاوان بۆ به‌شداری كردن له خۆپیشاندانەکان، به‌شێك له‌و ئه‌ركانه بوون كه داود به لێهاتوویی به‌ڕێوه‌ی ده‌بردن. به هۆی ئه‌وه‌ی كه له‌و ده‌وره‌یه‌دا خوشك و براكانیشی له زومره‌ی تێكۆشه‌رانی چه‌پی دژ به‌رژیمی شا بوون و هه‌ركامه‌شیان كۆڕ و كۆبونه‌وه‌ی جیاوازی خۆیان هه‌بوو، ماڵه‌كه‌یان وه‌كوو بنكه‌یه‌كی سیاسی لێهاتبوو. داود هه‌موو جارێك پێشنیاری به هاوڕێ حه‌مه‌حوسێنی كه‌ریمی ده‌كرد كه كۆبونه‌وه‌كانی بێنێته ماڵی ئه‌وان. یه‌كێك له ئه‌ندامانی كومیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه بیری دێت كه كۆبونه‌وه‌یه‌كی گرینگ له به‌هاری سالی ١٣٥٧ له ماڵی كاك داود به‌رێوه چوو. داود خۆی له كۆبونه‌وه‌كه‌دا به‌شدار نه‌بوە، به‌ڵكو ئه‌منیه‌ت و ته‌داروكاتی ئه‌و كۆبونه‌وه‌یەی دابین كردوه.
خه‌باتی سه‌رانسه‌ری بۆ ڕوخاندنی ڕژیمی شا سه‌رئه‌نجام له ڕێبه‌ندانی ١٣٥٧ به ئاكامی خۆی واته ڕوخاندنی ڕژیمی پاشایه‌تی ده‌گات. له ٢١ و ٢٢ی ڕێبه‌ندانی ١٣٥٧ی هه‌تاوی ، په‌لاماری خه‌ڵكی ڕاپه‌ڕیو بۆ سه‌ر پادگان و پاسگا و شاره‌بانیه‌كان و دام و ده‌زگاكانی ساواك ده‌ست پێده‌كات. ئه‌و ناوه‌ندانه زۆربه‌یان ته‌سلیمی خه‌لك ده‌بن. له كوردستان به تایبه‌ت له دوو شاری سنه و مه‌هاباد كه هه‌ر دووكیان مه‌ركه‌زی له‌شكر بوون، هێزەکانی ڕژیم موقاوه‌مه‌ت ده‌كه‌ن و ئاماده نابن ته‌سلیمی خه‌ڵك بن. له مه‌هاباد و له سنه له پادگانه‌وه ته‌قه له خه‌ڵك ده‌كه‌ن. له ئاكامی ته‌قه‌ی هێزه‌كانی ناو پادگان ڕوو له خه‌ڵك، ٢٠ كه‌س له شاری مه‌هاباد گیان لە دەست دەدەن. ئه‌م كرده‌وه‌ی فه‌رمانده‌ی پادگان خه‌ڵكی شار توڕه‌تر ده‌كات و په‌لاماری جه‌ماوه‌ری بۆ سه‌ر پادگان ده‌ست پێده‌كات. به‌شی زۆری چه‌ك و چۆڵی پادگان له لایه‌ن شورای شاره‌وه ده‌ستی به‌سه‌ر دا ده‌گیرێ و به‌شێكیشی ده‌كه‌وێته ده‌ست خه‌ڵك. كاك داود كه خۆی له ڕیزی پێشه‌وەی ئه‌وكه‌سانه‌یه كه په‌لامار ده‌به‌نه سه‌ر پادگان.
٭٭٭
به ڕوخانی ڕژیمی شا كوردستان پێ ده‌نێته قۆناغێكی نوێ وه. كۆمه‌ڵه چەند ڕۆژدوای ڕاپەڕینی جەماوەری له ئێران، لە ٢٦ی ڕێبه‌ندانی ١٣٥٧ خۆی ئاشكرا دەکا و گه‌ڵاڵه‌ی پێك هێنانی كۆمه‌ڵێك جەمعیەتی دێموكراتیك له هه‌موو شاره‌كانی كوردستان دادەڕێژێ و به كرده‌وه‌ی ده‌ردێنێ. له مه‌هابادیش “جه‌معیه‌تی ڕێگای ڕزگاری زه‌حمه‌تكێشان” دامه‌زرا. هاوڕێ داود یه‌ك له‌و جه‌وانانه بوو كه لە دامه‌زراندنی ئه‌و جه‌معیه‌ته دا ده‌وری هه‌بوو. به خێرایی به هه‌زاران لاوی تێكۆشه‌ر له سه‌رتاسه‌ری كوردستان كه خۆیان له چوارچێوەی بیر و بۆچونی چه‌پدا ده‌دیته‌وه، له ده‌وری ئه‌و جه‌معیه‌تانه كۆبونه‌وه.
دوای ٢٢ی رێبه‌ندانی ١٣٥٧ كه‌ش و هه‌وای سیاسی هه‌موو كوردستان گۆڕا. ئه‌گه‌ر له ئاستی سه‌رانسه‌ری ئێران‌دا ڕه‌وتی ئیسلامی زاڵ بوو و ده‌ستی به سه‌ر هه‌موو جومگه‌كانی ده‌سه‌ڵات داگرتبوو، له كوردستان، لاواز بونی ڕه‌وتی ئیسلامی و نفوزی بیر‌و بۆچوون و ڕێبازی چه‌پ و ڕادیكال و سێكولار‌و هه‌بوونی حیزبی سیاسی به پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری، هه‌ل ومه‌رج و هاوسه‌نگیه‌كی جیاوازی خولقاندبوو. كرێكارانی چه‌وساوه، زه‌حمه‌تكێشانی ڕزگاربوو له كۆت و به‌ندی پاشماوه‌كانی ده‌ره‌به‌گایه‌تی، ژنانی تینوی مافی یه‌كسانی، جه‌ماوه‌ری خوازیاری نه‌مانی سته‌م و هه‌ڵاواردن ، هه‌موی ئه‌وانه له بزوتنه‌وه‌یه‌كی موقاومه‌تی كومه‌ڵایه‌تی به‌رین دا، خۆیان بۆ به‌ره‌وڕو بونه‌وه له گه‌ڵ ڕژیمی تازه به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتوو كه ئاماده‌كاری بۆ داسه‌پاندنی حوكمی خۆی به سه‌ر كوردستانیشدا ده‌ست پێكردبوو، كۆببوونه‌وه. له سه‌ره‌تاوه كۆنه‌پارێزانی ناوچه و پاشماوه‌ی سیستمی ده‌ره‌به‌گایه‌تی، هه‌وڵیان دا به پشت به‌ستن به ڕژیمی مه‌ركه‌زی جێگا‌و شوێنی له ده‌ست چوی خۆیان به ده‌ست بێننه‌وه. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته داروده‌سته‌ی چه‌كداریان پێكهێنا بوو و هه‌ڕه‌شه‌یان له زه‌حمه‌تكێشانی هه‌ژاری دێهاتی كوردستان ده‌كرد. بۆ پوچه‌ڵ كردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌وڵانه بوو كه كومه‌ڵه بانگه‌وازی زه‌حمه‌تكێشانی گوندەکانی کوردستانی كرد كه له یه‌كیەتی جوتیاران دا كوببنه‌وه و به ڕێكخراوی و به چه‌كداری له مافی خۆیان دیفاع بكه‌ن. كۆمه‌ڵه پێشبینی ئه‌وه‌ی ده‌كرد كه دره‌نگ یا زوو ڕژیمی تازه به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتوو، په‌لامار دێنێته سه‌ر كوردستان. هاوكات له گه‌ڵ هه‌ڕه‌شه‌كانی کۆماری ئیسلامی و نزیك بونه‌وه‌ی په‌لامارەکانی بۆ سه‌ر كوردستان، بنكه‌كانی فێرگه‌ی پێشمه‌رگایه‌تی كومه‌ڵه له باشور و باكور بۆ په‌روه‌رده‌كردن و ئاماده كردنی كادری سیاسی و نیزامی دامه‌زران.
بنكه‌ی “گۆڕه‌مه‌ڕ” هه‌ڵكه‌وتوو له جه‌نگه‌ڵه‌كانی به‌ری مێرگانی ناوچه‌ی سه‌رده‌شت یه‌ك له‌وانه‌بوو. له هه‌ر ناوچه‌یه‌ك كه‌س یا كاسانێك دیاری كرابوون بۆ به‌شداری كردن له ده‌وره‌ی فێرگه‌دا. هاوڕێ داود یه‌كێك له‌و كادرانه بوو كه له لایه‌ن ته‌شكیلاتی مه‌هاباده‌وه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ناردرابوو بۆ یه كه‌م فێرگه‌ی كۆمه‌ڵه. ئه‌و هاوڕێیانه دوای دیتنی ئه‌و ده‌وره‌یه ناردرانه‌وه بۆ ناوچه‌كان كه له وێ ئه‌ركی دیاری كراویان پێ بسپێردرێ. یه‌كێك له چه‌ند سه‌رچاوه‌ی پەروەردە کردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه ئه‌و كادرانه بوون كه له‌م ده‌وره‌یه‌دا به‌شدار بوون. هاوڕێ داود ئه‌و ده‌وره‌یه به سه‌ركه‌وتویی ته‌واو ده‌كات و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ناوچه‌ی مه‌هاباد. به‌رپرسانی كۆمه‌ڵه له شاری مه‌هاباد به له‌به‌ر چاو گرتنی تواناییه‌كانی هاوڕێ داود و ناسراو بوون و خۆشه‌ویست بوونی له نێو لاوانی شاری مه‌هاباد دا، بڕیار ده‌ده‌ن كه بچێته‌وه بۆ ناوشار و له ته‌شكیلاتی نهێنی شار دا كار بكات.
جه‌معیه‌ته‌كان به نۆبه‌ی خۆیان ده‌ورێكی گرینگ‌یان له پێك هێنانی كه‌ش و هه‌وای سیاسی شۆڕشگیڕانه له شاره‌كانی كوردستان بینی. له دێهاتیش هێزه‌كانی یە کیەتی جوتیاران له ژێر به‌ڕێوه‌به‌ری و ڕێنوێنی تێكوشه‌رانی كومه‌ڵه‌دا، له مه‌ریوان و دیوانده‌ره و كامیاران و سه‌رده‌شت و بۆكان و مه‌هاباد ، ئه‌ركی خۆیان سه‌ركه‌وتوانه جێبه‌جێ كرد: زه‌ویه‌كانیان به سه‌ر جوتیارانی هه‌ژاردا دابه‌ش كرد و بوونه مایه‌ی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی داروده‌سته‌كانی چه‌كداری ئاغا و ده‌ره‌به‌گه‌كان. سه‌رو دڵ خۆش بوونی خه‌ڵكی كرێكار و زه‌حمه‌تكێش به داهاتویه‌ك كه ده‌یانه ویست به ده‌ستی خۆیان بونیاتی بنێن، پێكهاتنی كه‌ش و هه‌وای دێموكراسی و ئازادی له كوردستان كه ئه‌و ناوچه‌یه‌ی كردبوه سه‌نگه‌رێكی پته‌وی درێژه‌ی شورش له ئێران، په‌ره‌سه‌ندنی نفوزی سیاسی و كومه‌ڵایه‌تی كومه‌ڵه وگه‌شه كردنی تواناییه‌كانی له كۆكردنه‌وه و ڕێكخستنی جه‌ماوه‌ردا، كه له چه‌ندین ڕوداوی مێژویی وه‌ك كۆچی مه‌ریوان و مانگرتنی یه‌ك مانگه‌ی شاری سنه بۆ ده‌ركردنی سوپای پاسداران له كوردستان، چه‌ك كردنی هێزی كونه‌په‌ر‌ستی ڕزگاری، به پشتیوانی جه‌ماوه‌ر، ڕێپێوانی هاوپشتی به‌ره‌و مه‌ریوان وه‌ی تر دا خۆی ده‌نواند، هه‌موی ئه‌وانه كه ئاسۆیەكی دیكه‌یان بۆ شوڕشی ئێران له به‌ر چاو بوو، بۆ ڕژیمی ئیسلامی ته‌حه‌مول نه ده‌كرا.
هه‌ر بۆیه دوای ماوه‌یه‌ك فریوكاری و ته‌فره‌دان، هه‌موو درگاكانی گوفتوگۆیان یه‌كسه‌ر داخست و دوای خولقاندنی چه‌نده‌ها جینایه‌تی وه‌ك قاڕنێ و قه‌ڵاتان، به فه‌رمانی خومەینی له ٢٨ی گه‌لاوێژی ساڵی ١٣٥٨ی هه‌تاوی دا هێرشێكی به‌ربڵاو و وه‌حشیانه‌یان بۆ سه‌ر كوردستان ده‌ست پێكرد. كومه‌ڵه بانگه‌وازی موقاوەمه‌تی له هه‌موو مه‌یدانه‌كانی خه‌باتی پێشمه‌رگانه و جه‌ماوه‌ریدا ده‌ركرد و خه‌ڵكی كوردستان به پیر ئه‌و بانگه‌وازه‌وە هاتن.
مو‌قاوە‌مه‌ت هه‌م له شاره‌كان و هه‌م له ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كان ده‌ستی پێكرد.
هاوڕێ داود یه‌كێك له هه‌ڵسوراوانی ته‌شكیلاتی كۆمه‌ڵه له‌ناو شاری مه‌هاباد بوو كه ده‌وریان هه‌بوو له ڕێكخستنی موقاوه‌مه‌تی جه‌ماوه‌ری.
هێزی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه و حیزبه‌كانی دیكه له مانگی خەزەڵوەری سالی ١٣٥٨سه‌ركه‌وتوانه گه‌ڕانه‌وه شاری مه‌هاباد و مه‌قه‌ڕ‌ه‌كانی كۆمه‌ڵه له‌و شاره و له دێهاتی ده‌وروبه‌ر كرانه‌وه. هه‌ڵسوڕانی سیاسی ئاشكرا له شاری مه‌هابادیش وه‌كوو باقی شوێنه‌كانی دیكه‌ی كوردستان ده‌ستی پێكرد و تا به‌هاری ساڵی ١٣٥٩ كه ڕژیم بۆ جاری دووهه‌م هێرشی هێنایه‌وه سه‌ر كوردستان ئه‌و بارودۆخه درێژه‌ی هه‌بوو. له ماوه‌ی ئه‌و ٥-٦ مانگه‌دا ڕێنوێنی به‌ڕێوەبه‌رانی ته‌شكیلاتی كۆمه‌ڵه له شاری مه‌هاباد و شاره‌كانی دیكه ئه‌وه بوو كه جگه له‌و ژمارە لە هەڵسوراوانی نێو شاركه كۆمه‌ڵه خۆی ده‌ست نیشانیان ده‌كات، باقی کادرەکان خۆیان ئاشكرا نه‌كه‌ن و ته‌شكیلاتی نهێنی نێو شار قه‌واره‌ی خۆی بپارێزێ. هاورێ داود یه‌ك له‌و كه‌سانه بوو كه به پێی ئه‌و رێنوێنیه خۆی له ئاشكرابوون پاراست. به‌ڵام به‌و حاڵه‌شه‌وه كه‌ش و هه‌وای سیاسی شار وابوو كه كه‌م كه‌س ده‌یتوانی به ئاسانی خۆی له‌و هه‌مووه گوڕ‌و تینی شۆڕشگیڕانه یه كه شاری داگرتبوو بپارێزێ و دوژمنیش كه خۆی بۆ له‌شكركێشێكی دیكه ئاماده ده‌كرد، له‌و حاڵه‌ته غافل نه‌بوو و مه‌علووماتی له سه‌ر ڕێكخراوه‌كانی ئێمه له ناو شاره‌كان كۆ ده‌كرده‌وه. به‌رپرسی ته‌شكیلاتی نهێنی ناوشار له‌و كاته‌دا هاوڕێی گیانبه‌خت كردوو ئه‌حمه‌دی شه‌عبانی بوو و كاك داود له پێوه‌ند له گه‌ڵ ئه‌ودا كاری ده‌كرد.
هێرشی دووهه‌می ڕژیم كه له مانگی گوڵانی ١٣٥٩ گه‌یشته شاری مه‌هاباد گه‌لێك دڕندانه تر و خوێناوی تر له هێرشی یه‌كه‌م بوو. بەرەنگارییەکی قورس و قایم و ئازایانە ده‌ستی پێكرد. به‌ڵام هاوسه‌نگی هێز وا نه‌بوو كه هێزی پێشمه‌رگه بتوانێ بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر شاره‌كان له داگیركاری دوژمن بپارێزێ. دوای گیرانه‌وه‌ی شاره‌كان شه‌ڕ كه‌وته ده‌ورو به‌ر و دێهاته‌كان. ڕژیم كه‌وته خۆ بۆ سه‌قامگیر كردنی خۆی له شاره‌كان و ده‌زگا ئه‌منی و سیخوریه‌كانی دامه‌زراند. ته‌شكیلاتی نهێنی كۆمه‌ڵه به توندی كه‌وته بەر پەلاماری ڕژیم. هاوڕێ ئه‌حمه‌د شه‌عبانی و هاورێیانی تری كه‌وتنه داوی دوژمن و هه‌موویان دوای موقاوه‌مه‌تێكی سه‌ربه‌رزانه و به بێ دركاندنی هیچ زانیاریه‌كی ته‌شكیلاتی ئیعدام كران.
ئه‌و كات به هۆی میلیتاریزه بوونی كوردستان و شه‌ڕێكی خوێناوی كه كۆماری ئیسلامی به سه‌ر خه‌ڵكی كوردستانی داسه‌پاندبوو، هه‌ڵسوراوانی نهێنی ناو شاره‌كانیش به شێوه‌ی جوراوجۆر له خزمه‌ت خه‌باتی پێشمه‌رگانه دابوون. زانیاریان سەبارەت بە جموجۆڵی هێزەکانی دوژمن کۆدەکردەوە، حەشارگەیان بۆشاردنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە ناو شار ئامادە دەکرد، تەداروکات و خواردەمەنیان بۆ دابین دەکردن و چالاکی دیکەی لەم چەشنە. هاوڕێ داودیش وه‌كوو زۆربه‌ی تێكۆشه‌رانی ناو شار تێكه‌ڵاوی ئه‌م جۆره چالاكیانه بوو.
كاتێك شاری مه‌هاباد به ته‌واوی له لایه‌ن هێزه‌كانی كۆماری ئیسلامی یه‌وه كونتروڵ كرا و ده‌زگاكانی ئه‌منیه‌تی و سیخوڕی ڕژیم له مه‌هابادیش دامه‌زران، كه‌وتنه ڕاودوونانی لاوانی ناو شار. به ره‌شبگیری بوو بێ یان به دانسته، ژوماره‌یه‌كی زۆریان خسته داوه‌وه و ڕاپێچی ئه‌شكه‌نجه‌گاكانیان كردن. داستانی دڵ ته‌زێنی به دیل گرتنی ٥٩ لاوی شاری مه‌هاباد به ڕه‌شبگیری و دواجار ئیعدام كردنیان یه‌ك له‌و نمونانه بوو.
ته‌شكیلاتی نهێنی شاری مه‌هاباد دوای شه‌پۆلی یه‌كه‌می زیندان و ئه‌شكه‌نجه و ئیعدام، سه‌ر له نوێ دادەمەزریتەوە و له بارودۆخێكی زۆر دژوار دا كاری رێكخستن به‌رێوه ده‌چێت. هاوڕێ داود خورره‌می یه‌كێك له كادره‌كانی لێهاتووی كۆمه‌ڵه له‌و سه‌رده‌مه دایه كه ده‌بێته یه‌كێك له كۆڵه‌كه‌كانی بوژانه‌وه‌ی ته‌شكیلاتی نهێنی له شاری مه‌هاباد. ئه‌ركێكی قورس ده‌كه‌وێته سه‌رشانی داود و هاوڕێكانی له شاری مه‌هاباد. كاری ماندوویی نه‌ناسانه، پڕبه‌پڕ له دوژوارترین بارودۆخدا به‌رێوه‌ده‌چێت.
٭٭٭
سه‌رئه‌نجام به داخه‌وه له مانگی خەزەڵوەری سالی ١٣٦٠ هاورێ داود له لایه‌ن سیخوڕه‌كانی ڕژیم شناسایی و ده‌ست به‌سه‌رده‌كرێت. یه‌كسه‌ر ده‌یگوازنه‌وه بۆ یه‌كێك له سلوله‌كانی تاكه‌كه‌سی زیندانی سیلۆی مه‌هاباد. سه‌رده‌می زیندانی هاوڕێ داود هاوكات هه‌م تراژێدی بوو هه‌م حه‌ماسه. بۆ ماوه‌ی دوو مانگ بێ پسانه‌وه هه‌رچی ئه‌شكه‌نجه له قامووسی ڕژیمی ئیسلامی دا هه‌بوه و هه‌یه، له‌سه‌ر داود تاقی ده‌كه‌نه‌وه. ئه‌شكه‌نجه‌گه‌رانی ئه‌وه‌یان ده‌زانی كه داود هه‌ڵسوراوێكی كۆمه‌ڵه له شاری مه‌هاباده كه له شه‌پۆلی یه‌كه‌مدا نه‌كه‌وتبوە داوه‌وه. له سه‌ره‌تاوه ده‌یانه ویست ناوی هاوڕێیه‌كانی بزانن، دواجار داوای شوێنی چاپخانه و ئیمكاناتی كۆمه‌ڵه‌ی له مه‌هاباد لێده‌كه‌ن. كاتێك ناتوانن لێوی ڕازداری بكه‌نه‌وه، هه‌وڵ ده‌ده‌ن ڕازی بكه‌ن بێت و له سه‌ر ته‌له‌ویزیون په‌شیمانی ده‌رببڕێ. داود سه‌رسه‌ختانه موقاوه‌مه‌ت ده‌كات و دوژمن پاش دوو مانگ به‌رانبه‌ر به ئیراده‌ی پۆڵایینی لاوێكی ئه‌سیر به‌چۆك دادێت. ڕژیم ده‌یه‌ویست كه به تێك شكاندنی داود، زه‌ربه له براو و خوشكه‌كانیشی بدات كه چه‌كی پێشمه‌رگایه‌تی كۆمه‌ڵه‌یان له شان بوو. داود ده‌یزانی كه ئه‌شكه‌نجه گه‌ران ده‌توانن به نهێنی و به بێده‌نگی له گۆشه‌یه‌كی زینداندا ئیعدامی بكه‌ن . كاتێك له چاره‌نوسی خۆی دڵنیا ده‌بێت، بریارده‌دات مه‌رگی بكاته سرودێكی ئاگرین بۆ گیانی دوژمن.
هه‌موان ده‌زانن كه ئه‌وكاره له ناو سلولی زیندان كارێكی ئاسان نییه. به‌ڵام ئه‌و كه بڕیاری خۆی دابوو، به شۆێن ده‌رفه‌تێكدا ده‌گه‌را و سه‌رئه‌نجام ئه‌و ده‌رفه‌ته به ده‌ست دێنێ. یه‌كێك له زیندانه‌وانه‌كانی ڕازی ده‌كات كه عه‌لادینێكی پێ بده‌ن. ئه‌و شه‌وه دیواری سلوله‌كه‌ی پڕ ده‌كات له‌و دروشمانه‌ی كه پڕ بوون له خۆشه‌ویستی بۆ ژیان، بۆ خانه‌وه‌اده‌كه‌ی، بۆڕێگاکەی خۆی و ئه‌و هاوڕێیانه‌ی كه به به‌هایه‌كی گران پاراستبوونی. ئه‌وكەسانه‌ی كه دواجار ئه‌و دروشمانه‌یان دیتوه، ده‌ڵێن لێواولێوی وره‌ی به‌رز و هیوا به‌سه‌ركه‌تن بوون. نه‌فتی چراكه به په‌توه‌كان دا ده‌كات و په‌توه‌كان لە خۆیەوە ده‌پێچێ و ئاگر له جه‌سته‌ی خۆی به‌رده‌دات. دوای چه‌ند چركه زیندان ده‌هاژێ، زیندانه‌وه‌انه‌كان دەشڵەژێن. هه‌وڵ ده‌دن ڕوداوه‌كه بشارنه‌وه، به‌ڵام هه‌واڵه‌كه خۆی به هه‌موو كه‌لێن و كه‌له‌به‌رێكدا ده‌كات. دیواری زیندان تێده‌په‌ڕێنێ و ده‌م به ده‌م له ناو خه ڵكی شاردا بڵاوده‌بێته‌وه. پلانه‌كه‌ی داود سه‌ركه‌وتوو بوو، ئامانجی خۆی پێكابوو ته‌نانه‌ت زیاتر له‌چاوه‌ڕوانی خۆیشی. هه‌ر ئه‌و شه‌وه چه‌ندین زیندانی ئاماده‌كرابوون بۆ ئێعدام. بڕیاره‌كه هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه و چه‌ند كه‌سێكیان دواتریش له ئیعدام ڕزگاریان ده‌بێ.
لێره به‌ولاوه دوو ریوایه‌ت هاتۆه‌ته ده‌ره‌وه‌ی زیندان.
ریوایه‌تی یه‌كه‌م: هه‌ر ئه‌و شه‌وه هاورێ داود خورره‌می به هۆی سه‌ختی برینه‌كانیه‌وه گیانی به‌خت ده‌كات و به بێ ئه‌وه‌ی هه‌ر گیز خانه‌و‌اده‌ی ئاگادار كه‌نه‌وه، په‌یكه‌ری سووتاوی له گۆڕێكی بێ ناونیشاندا ده شارنه‌وه.
ریوایه‌تی دووهه‌م: داود به سه‌ختی ده‌سوتێ و بەڕێوە بەرانی زیندان به هۆی بارودۆخی هه‌ستیاری ئه‌وكاتی شاری مه‌هاباد، له مه‌هاباد دووری دە خه‌نه‌وه وسەرەنجام لە ده‌رمانگایه‌ك له زیندانی ته‌ورێز گیانی به‌خت ده‌كات. كۆماری ئیسلامی هه‌رگیز زانیاری یه‌كی له سه‌ر داود و چاره‌نووسی به بنه‌ماڵه‌كه‌ی نه‌دا و دایكی جەرگ سوتاوی داود تا ساڵه‌ها هه‌ر چاوه‌ڕێی ئه‌وه بوو هه‌واڵێكی له ڕۆڵه نازەنینه‌كه‌ی پێ بگات.
هەر چەند گۆڕی داود نەزانراوە و نە کێلێکی بۆ کراوە و نە ناوی لە سەر بەردێک هەڵکەنراوە، بەڵام یاد و ناوی داود و داودەکان لە ناو دڵی هەزاران هەزار کەس لە ڕێبوارانی ڕێگاکەیەندا هەڵکاندراوە و بێ گومان ئەو ڕۆژە دێ کە بۆ داود و داودەکان لە هەر شوێنێ دەستە گوڵێک دابنرێ. ئەوەی لە داود بۆمان بە جێ ماوە و بۆتە پێناسەی لای ئێمە، عیشق و خولیای داودە بۆ ئازادی و سەربەرزی گەلەکەی و هیوا و ئاواتی بۆ بەدەست هێنانی یەکسانی و نەهێشتنی چەوسانەوە. هەموو تەمەنی کورتی هاورێ داود لەو کاتەوە کە خۆی ناسی، پڕە لەم خولیایە. کام هەستە بەرزتر و ئینسانی ترە لە هەستی ئەو کەسەی کە خۆشی و کامەرانی خۆی لە ڕزگارکردن و ڕزگار بوونی خەڵکی چەوساوە لە بەش مەینەتی و هەژاری بەدی دەکات؟
داود وەک سەدان و هەزاران لاوی تر لە پێناوی ئاواتە بەرز و ئینسانیەکانی خۆی دا گیانی بەخت کرد. ئەو ڕێگای ژیانی خۆی هەڵبژاردبوو و باوەڕی بەو ڕێگایە بوو. لەوانەیە زۆر جاران لە کاتی زیندان و لە ژێر دەستی ئەشکەنجە گەرانی دا بیری لەوە کردبێتەوە کە چیترڕوکاری ئازادی نابینێ و بە دوا قۆناغی ژیانی گەیشتوە. لەوەها بارودۆخێکی ئاستم و پڕ مەترسی دا، تەنیا و تەنیا ئیمان و باوەڕێکی قوڵ بە ڕاستی و ڕەوایی ڕێگایەک کە هەڵت بژاردوە، قورس ڕات دەگرێ و چۆک بە ئەشکەنجەگەرانت دا دێنێ.
هاورێ داود لە تاریکترین ڕۆژەکاندا وەک مۆمێک هەڵگیرسا و ڕوناکی بڵاو کردەوە و لە ئاکامدا بە مەرگی خۆی وانەی ئیرادە و خۆڕاگری بۆ نە سلی دوای خۆی بە جێ هێشت.
زندگی نامه رفیق داود خرمی در دست ترجمه به فارسی است و بزودی در این قسمت قرار می‌گیرد
بۆ داود و داودەکان
دەڵێن داود
داودی لاو، داودی جوان
داودی بە چوار وەرز خوڕڕەم
گەنجی سەردەم،
لە شەوێکی زوقم گرتووی
سام لێنێشتووی
پاییزی شەست
لە ناو زیندان،
لە سللولێکی تەنگەبەر
بێ کەلەبەر
برش گرتوو
تەریک کەوتوو
ئەو سللوولەی ناونرابوو
ژێر پلیکان
دڵی گەیشتە دوایین ترپەی!
لە بێدەنگیدا تێپەڕی
دوا هەنگاوی، دوایین چرپەی!
ئەو مێژووە
بەخوێن و بەئارەق نووسراوەی ئێمە
دارستانێکی سەرسەوزی
بە بەرینایی کوردستان
لە عیشق و لەهیوا،
خوڵقاندووە!
ئەو مێژووە
پڕداود و لە دوادچوەی
هێشتا هەربەڕیوەی ئێمە
کوردستانێکی نوێتر و ڕووگەشتری
لە نێو نەخشەی جوغرافیادا،
نەخشاندووە!
ئەو مێژووە،
داودێکی تاقانەیە
لە نێو جەرگەی ئەو گشتە مەینەتەو
ڕێژنەی ئەو هەموو ژانانەو
لوورە لووری پێغەمبەرانی وێرانی
تابڵؤیەکی پڕ ئەوین و پڕ لەتینی
خەمڵاندووە!
ئەو مێژووە،
بناغەدانەری وای هەیە
چەشنی داود،
داودەکان
بێ هیچ پۆز و بێ هیچ فیزێک
مانای عیشق و خۆشەویستیان
تەنانەت بە گشت ئەوانەش
کە لەم وشانە تێناگەن
سەلماندوە!
ڕۆیشتوەکانی ئەو مێژووە،
داودەکان،
زۆر لەمێژە
ڕێک ئەوەندەی
زیندوەکانمان
لەوانەیە زۆر زیاتریش
تیشکی ژینیان
بە وڵات دا
پژاندووە!
ئەو مێژووە،
هێشتا هەمووی نەگوتراوە،
هێشتا زۆرکەمی نووسراوە!
پڕ لەڕازە،
هێشتا پڕە لەنهێنی!
هێشتا ناکرێ
سەرو بنی بە ئاشکرا بدرکێنی!
ئەرێ، ئەرێ،
ئەو مێژووە،
ناڕەوایە کە پێتوابێ،
هێشتا تەواو حەقیقەتی
ڕەوتی هەتا ئێستاکەی خۆی،
درکاندووە!
زۆرلەمێژە
ئێمەی ڕێبوار،
لەسەر ڕێچکەی داودەکان
بۆ ئادرەسی گڵکۆیەکانیان ناگەڕێین!
کوا گرنگە،
ئەوان بەکام دەست خنکاون؟
لە کام شەوەدا فەوتاون؟
لە کام شار و لە چ بنارێکا نێژراون؟
لە کوێی کاروان هەڵبڕاون؟
بە چەند جەللاد لێیان داون؟
لە ژێر زەختی کام ئەشکەنجە و
لە کام زیندان
کەوتوونە عەرز،
هەستاونەوەو
ڕاوەستاون؟
زۆر لەمێژە،
یادی ئەوان،
داودەکان،
گۆڕغەریبە بێ گڵکۆکان،
لە نێو دڵمان،
دڵی هەزاران هەزارمان،
هەڵکەنراون!
با کەس لەخۆی ڕانەبینێ
بڵی داود،
بەبێ سەر و بەبێ شوێن چوو!
یان خۆ بڵێ
داودەکان ،
بێ شوێن و سەبازی ونن!
ئەی نابینن،
لە دوای چل ساڵ
ئەو ئێستاکەش،
ئەوان ئێستاش،
هەوێنی ئەم شیعرەی منن!
سوئێد،بووهووس
12/05/2021 /بازگر
تێنینی:
ئیلهامی ئەو شیعرە لە ئیحساسی گوڵێ خوڕڕەمی، خوشکی گیانبەختکردوو داود خوڕڕەمی وهەروەها دووبیرەوەی لە زمان کاک پۆڵای نانەوازادە و کاک حەمەی موهتەدی یەوە بە یادی داود، وەرگیراوە! /بازگر
.