لطف الله کمانگر
- نام و نام خانوادگی : لطف الله کمانگر
- نام مستعار:مظفر
- محل تولد :آفریان علیا (کامیاران)
- تاریخ تولد : 1336
- تاریخ جانباختن :11/05/1362
- محل و نحوه جانباختن: تهران – زندان اوین . اعدام (دستگیری در تاریخ 28 آبان 1361 و اعدام در تاریخ 11 مرداد 1362)
زندگی نامه رفیق لطف الله کمانگر
هاوڕێ لوتفوڵڵای کەمانگەر کە لە ڕیزەکانی کۆمەڵەدا بە موزەفەر دەناسرێتەوە، ساڵی ١٣٣٦ی هەتاوی لە نێو بنەماڵەیەکی زەحمەتکێشی گوندی “ئافریان”ی ناوچەی کامیاران چاوی بە ژین هەڵێنا، خوێندنی سەرەتائی هەر لەو گوندە تەواو کرد و پاشان ڕەوانەی شاری سنە بوو و لە گەڵ چەند کەسێکی دیکە ژوورێکی فەقیرانەیان بە کرێ گرت.
لە نێو هاوماڵان و هاوڕێیانی دەورانی خوێندنی لە ئیستعداد و توانایەکی بەر چاو بەهرەمەند بوو و یەکێک لە زیرەکترین خوێندکارانی مەدرەسەکەیان بوو.
ساڵی ١٣٤٩ لە شاری سنە لە گەڵ چەند کەس لە هاوڕێیانی لە گەڵ کۆمەڵە ئاشنا بوو و هەر لەو کاتەوە هاتە مەیدانی کارو هەڵسووڕانی سیاسیەوە.
لە سەرەتاکانی تێکۆشانەوە بە باشی جێگا و شوێنی کاری ئاگاهگەرانەی ناسی و بە هەموو هێز و توانایەوە بۆ بردنە سەرەوەی ڕادەی ووشیاری سیاسی خۆی و گواستنەوەی بۆ نێو کرێکاران زەحمەتکێشان خستە گڕ.
مەیدانی هەڵسووڕانی سیاسی و کاری ووشیاری دەرانەی هاوڕێ موزەفەر ئەوەندەی کە لای زەحمەتکێشان و خەڵکی هەژارو دەست کوورت خۆشەویست بوو ئاغا و دەرەبەگ و مورتەجێعینی ناوچەکە چاویان بەرایی بینینی ئەم ئازیزەی نەبوو.
ئەو کاتانەی کە لە شارەوە بەرەو گوند دەگەڕایەوە زەحمەتکێشانی گوند لە پیرو گەنجەوە تەنانەت منداڵان لە دەوری کۆ دەبوونەوە و هاوڕێ لوتفوڵڵا بە سەمیمەت و ڕووی خۆشەوە لە گەڵیان دادەنیشت و گوێ بۆ قسەکانیان ڕادەگرت و و ئەوانی بەرەو ڕیکخراو بوون و پێکهێنانی یەک ڕیزی بۆ گەییشتن بە مافەکانیان ڕێنوێنی دەکرد.
پاش کۆتایی هاتنی دەورانی خوێندنی لە دەبیرستان چووە دانشسەرای موقەدەماتی لە شاری زەنجان و دوای دوو ساڵ خوێندن لەم ناوەندە وەک سپای دانش لە گوندەکانی ناوچەی کامیاران و لەیلاخ دەستی بە کار کرد.
پائیزی ساڵی ٥٧ خەباتی وەرزێران و زەحمەتکێشان لە گوندەکانی “ئەڵک”و “چاڵ ئاوا” لە دژی ئەربابان و زەویدار بۆ بەدەست هێنانی زەوی و زارەکان سازمان دا و دەورو نەخشی ڕابەرێکی شۆڕشگێڕ و کۆمۆنیستی نواند.
لە جەریانی ڕاپەڕینی ڕێبەندانی ٥٧ لە گرتنی مەقەڕی ناوەندی ساواکی ڕژیم لە شاری سنە و داواجار هێرشی خەڵک بۆ دەستەبەسەردا گرتنی هەنگی ژاندارملی و لە خۆڕاگری چەکدارانەی جەماوەری لە بەرامبەر هێرشی ڕژیمی ئیسلامیدا چالاکانە بەشداری کرد.
لە جەریانی بەرپا بوونی ناوەندە دیموکراتیەکان لە شارەکانی کوردستان هاوڕێ لوتفوڵڵا دەورێکی بەرچاوی گێڕا.
دەوری ئەوەڵی هێرشی ڕژیمی ئیسلامی بۆ سەر کوردستان لە شاری سنە مایەوە و وەک ئەندامی کومیتەی ڕەهبەری تەشکیلاتی نهێنی لە پێکهێنانی چاپخانەی نهێنی و هیدایەتی ڕێکخستنە نهێنیەکانی کۆمەڵە دەستکەوتی گەورەی بە دەست هێنا.
ساڵی ٥٩ لە لایەن تەشکیلاتەوە بەڕێ کرایە شاری تاران و لە پەیوەند لە گەڵ تەشکیلاتی تارانی کۆمەڵە دا دەستی بە کار کر،دوای ماوەیەک بوو بە بەرپرسی تەشکیلاتی خوزستانی کۆمەڵە و ئەرکەکانی لەو مەوقەعیەتەشدا بە شێلگیری و دیقەتەوە بەڕێوە دەبرد.
لە جەریانی بەڕێوە چوونی کونگرەی سێهەمی کۆمەڵە کە بەرنامەی حیزبی کۆمۆنیستی تێدا پەسەند کرا و هەڵسووڕاوانە بەشداری کرد و پاش کونگرە لە شاری کرماشان سازمان درا و بەرپرسیارەتی تەشکیلاتی نهێنی لەم شارە وە ئەستۆ گرت.
خەزەڵوەری ١٣٦١ لە جەریانی هێرشی بەربڵاوی ڕژیم بۆ سەر ڕێکخراوە سیاسیەکان شناسایی و دەستبەسەرکرا.
پایەداری و ورەی بەرزی ئەم ئازیزە لە سەر ڕێبازی کۆمۆنیزم و بەرژەوەندیەکانی کرێکاران و بەشمەینەتان هەوڵی زیاتر لە یەک ساڵ ئەشکەنجە و ئازاری بەکرێگیراوانی ڕژیمی بۆ پەی بردن بە نهێنیە تەشکیلاتیەکانی پووچەڵ کردەوە و لە زستانی ١٣٦٢ دا هاوڕێ لوتفوڵڵای کەمانگەر ئەندامی بە ئەزموون و کارامەی کۆمەڵەو کۆمۆنیستی ماندوو نەناسو پەیگیرلە لایەن ڕژیمی ئیسلامیەوە ئیعدام کرا و بە ڕیزی گیانبەخت کردووانی ڕێگای ئازادی و سۆسیالیزم پەیوەست بوو.
یادی هەمیشە زیندووی بە درێژە پێدان بە ڕێگای تێکۆشانی ڕێز لێ دەگرین.
.